زیاتر لە ٢٠ وڵاتی جیهان لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، هەنگاوەکەی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان بۆ داخستنی گەرووی هۆرمۆز بە توندی مەحکووم کرد و بە هەڕەشەیەکی جیدییان بۆ سەر ئەمنییەتی وزە و بازرگانی جیهانی لەقەڵەمدا.
لەو بەیاننامەیەدا کە لەلایەن ٢٢ وڵاتەوە واژۆ کراوە، جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەم وڵاتانە بۆ دەستەبەرکردنی هاتوچۆی ئەمنی کەشتییەکان لەم ڕێروەدا بەشداری دەکەن.
واژۆکەرانی ئەو بەیاننامەیە هەروەها پێشوازییان لە پلانە سەرەتاییەکان کردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەنگاوەکانی ئێران.
ئەم وڵاتانە وێڕای ئاماژەدان بە هێرشەکانی ئەم دواییەی ئێران بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان و ژێرخانە مەدەنییەکان لە کەنداو، ڕەفتارەکانی تارانیان بە پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان وەسف کرد.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی، بە پێچەوانەی ڕاستییەکان، هێشتا بانگەشەی ئەوە دەکەن کە گەرووەکە کراوەیە.
ئەو وڵاتانەی کە ئەم بەیاننامەیەیان واژۆ کردووە بریتین لە: ئیمارات، بریتانیا، فەڕانسە، ژاپۆن، ئاڵمان، ئیتالیا، هۆلەند، کانادا، کۆرەی باشوور، نیوزلەند، دانمارک، لێتۆنی، سلۆڤێنی، ئەستۆنیا، نوروێژ، سوید، فینلاند، کۆماری چیک، ڕۆمانی، بەحرەین، لیتوانی و ئوسترالیا.
داخستنی کردەیی گەرووی هۆرمۆز کە نزیکەی ٢٠ لەسەدی نەوت و ٣٥ لەسەدی گازی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت، بووەتە هۆی تێکچوونێکی بەرفراوان لە بازاڕە جیهانییەکاندا و نرخی نەوتی بە ڕێژەی زیاتر لە ٥٠ لەسەد و گازی سروشتیی تا ٩٣ لەسەد بەرز کردووەتەوە.