کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێنتکام: ٨ هەزار ئامانجی سەربازی لە نێوخۆی ئێران خاپوور کراون

18:42 - 1 خاکەلێوه 2726

فەرماندەی سێنتکام لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی حەماسی"، ڕایگەیاند کە لە ماوەی ٢٢ ڕۆژی ڕابردوودا بەشێکی هەرە زۆری توانای شەڕکەری کۆماری ئیسلامی لەنێو براوە و هێزی دەریایی ئەو ڕێژیمە بەتەواوی پەک کەوتووە.

برەد کوپێر، فەرماندەی سێنتکام وتی کە ئەرتەشی ئەمریکا درێژترین هێرشی تۆپخانەیی مێژووی بە مووشەکی خاڵپێک ئەنجام داوە. ناوبراو وتی: "هێزی دەریایی ئێران چیتر کار ناکات، فڕۆکە جەنگییەکانیان ناتوانن بفڕن و توانای هاویشتنی مووشەک و دڕۆنیان بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەم بووەتەوە."

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، هێزەکانی ئەمریکا باڵادەستیی ئاسمانییان بەسەر ئاسمانی ئێراندا پاراستووە و تا ئێستا ٨ هەزار فڕینی شەڕکەر و هێرش بۆ سەر ٨ هەزار ئامانجی سەربازی ئەنجام دراوە. لەم هێرشانەدا ١٣٠ کەشتی و ژێر دەریایی ئێران لەنێو براون، کە ئەمە بە گەورەترین تێکشکانی هێزێکی دەریایی لە دوای جەنگی جیهانیی دووەم دادەنرێت.

هەروەها سێنتکام ڕایگەیاند کە بۆ پاراستنی هێڵی بازرگانی لە گەرووی هۆرمۆز، چەندین بنکەی ژێرزەوینیی مووشەکی کرووز و سەکۆکانی هاوێشتن لە کەناراوەکانی ئێران بە بۆمبی ٥ هەزار پۆندی خاپوور کراون.

 کوپێر جەختی کردەوە کە چەترێکی بەرگریی ئاسمانیی بێ وێنە لە ناوچەکەدا جێگیر کراوە و لاوازکردنی توانای سەربازیی ڕێژیم بەردەوام دەبێت.