کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی توندی ڕێژیمی ئێران لە ئەگەری هێرش بۆ سەر دوورگەی خارک

20:03 - 1 خاکەلێوه 2726

سەرچاوەیەکی نیزامیی کۆماری ئیسلامی بە هێنانەئارای چەند هەڕەشەیەکی کەم وێنە، ڕایگەیاند کە لە ئەگەری هەر هێرشێکی چاوەڕوانکراو بۆ سەر دوورگەی "خارک"، ئێران مەودای پێکدادانەکان بۆ ڕێڕەوە ئاوی ستراتیژییەکان و دامەزراوە گرینگەکانی وڵاتانی ناوچەکە پەرە پێ دەدات.

هەواڵدەری "تەسنیم"ی سەر بە سپای تێرۆریستی پاسداران لە زمان سەرچاوەیەکی نیزامی بڵاوی کردەوە، لە ئەگەری هەر هەنگاوێکی نیزامیی ئەمریکا دژی دوورگەی خارک، وڵامی ئێران بێ وێنە دەبێت و لە سەرووی گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییانەوە هەڵدەسەنگێندرێت.

ئەو سەرچاوەیە بێ خستنەڕووی وردەکاری زیاتر، باسی لەو سیناریۆیانە کرد کە دەتوانن ئاستی گرژییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بکەنەوە.

ناوبراو لە درێژەدا بە ئاماژەدانی ڕاستەوخۆ بۆ ڕێڕەوە هەستیارەکانی ناوچە، هەڕەشەی ئەوەی کرد کە لە ئەگەری ڕوودانی هەر پێکدادانێک، گەرووی "بابولمەندەب" و دەریای سووریش لەلایەن بەرەی مقاومەت ڕووبەڕووی نائارامی دەبنەوە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، دۆخێکی لەو شێوەیە دەتوانێت ڕێڕەوە سەرەکییەکانی بازرگانی جیهانی پەک بخات و لێکەوتەی ئابووریی بەرفراوانی لێ بکەوێتەوە.

تەسنیم لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاپۆرتەدا لەزاری ئەو بەرپرسەی ڕێژیم نووسیویەتی کە ئێران لە ئەگەری هەر هێرشێک بۆ خارک، تەواوی دامەزراوەکانی ناوچە ئاگر تێبەردەدات.

ئەو هەڕەشانە لە کاتێکدانە کە میلیشیا حوسییەکانی یەمەن ڕۆژی هەینی ٢٩ی ڕەشەمە، لە بەیانامەیەکدا هەڕەشەیان کردووە کە گەرووی بابولمەندەب و دەریای سوور دادەخەن و کەشتییەکانی ئەمریکا لەو ناوچەیە دەکەنە ئامانج.