دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، لە دوای پەرەسەندنی گرژییەکانی ناوچەکە، هۆشدارییەکی توندی بە ڕێژیمی ئێران دا و ئاماژەی بەوە کرد ئەگەر لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا گەرووی هۆرمۆز نەکرێتەوە، واشنگتۆن هێرش دەکاتە سەر ژێرخانە وزەییەکانی کۆماری ئیسلامی.
دۆناڵد ترامپ ڕۆژی شەممە ١ی خاکەلێوە لە پەیامێکدا ڕایگەیاند کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی ئێران "لە ماوەی ٤٨ کاتژمێر لەم ساتەوە، گەرووی هۆرمۆز بە تەواوی و بێ هەڕەشە نەکاتەوە"، ئەمریکا هێرش دەکاتە سەر ژێرخانە وزەییەکانی ئەو وڵاتە.
ناوبراو لەم پەیامەدا جەختی کردەوە کە لەو حاڵەتەدا ئەمریکا ژێرخانە جیاوازەکان لە ئێران داکاتە ئامانج و ئەم هێرشانە لە "گەورەترین وێستگەکان" دەست پێدەکەن.
لەبەرامبەردا، وتەبێژی قەرارگای ناوەندی خاتەمولئەنبیا هەڕەشەی کرد کە لە ئەگەری هێرش بۆ سەر ژێرخانەکانی وزە، کۆماری ئیسلامی تەواوی ژێڕخانەکانی وزە، تێکنۆلۆژی زانیاری و پاڵاوتنی ئاوی سەر بە ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەدا بە ئامانج دەگرێت.