کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرووپی حەوت هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر ژێرخانەکانی وزەی ناوچەکە مەحکووم کرد

10:51 - 2 خاکەلێوه 2726

وڵاتانی ئەندام لە گرووپی حەوت لەگەڵ نوێنەری باڵای یەکیەتیی ئورووپا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، هێرشەکانی کۆماری ئیسلامی و هێزە نیابەتییەکانی دژی ژێرخانە وزەییەکانی وڵاتانی ناوچەکە، بە ناڕەوا وەسف کرد و داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی ئەو هێرشانەیان کرد.

لەو بەیاننامەیەدا کە لەلایەن حەوت وڵاتی پیشەسازی جیهان (کانادا، فەرانسە، ئاڵمان، ئیتالیا، ژاپۆن، بریتانیا و ئەمریکا) بڵاو کراوەتەوە، جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەم هێرشە سەرەڕۆیانەی سەر خەڵکی سڤیل و ژێرخانە مەدەنییەکان، بەتایبەت دامەزراوەکانی وزە لە وڵاتانی ناوچەکەدا، هەڕەشەیەکی جیددیین بۆ سەر ئەمنیەتیی ناوچەیی و جیهانی.

لە درێژەی بەیاننامەکەدا، ئاماژە بە هێرشەکان کراوە بۆ سەر ژێرخانەکانی وزە لە وڵاتانی: بەحرەین، کوەیت، عومان، قەتەر، عەرەبستانی سعوودی، ئیمارات، ئوردن و عێراق و ئەم کردەوانە بە توندی مەحکوم کراون.

واژۆکەرانی بەیاننامەکە جەختیان لە پێویستی پاراستنی ڕێڕەوە دەریاییە هەستیارەکان بەتایبەت گەرووی هۆرمۆز کردەوە و پاراستنی ئەمنییەتیی دەریاوانی و زنجیرەکانی دابینکردنی جیهانییان بە پێویست زانی.

بە وتەی ئەوان، بەردەوامبوونی ئەم دۆخە دەکرێت سەقامگیری بازاڕە جیهانییەکانی وزە ڕووبەڕووی مەترسی جیددی بکاتەوە.