کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی ڕێژیمی ئێران لە خەڵک هاوکات لەگەڵ پچڕاندنی ئینتێرنێت

12:21 - 2 خاکەلێوه 2726

لە کاتێکدا کە زیاتر لە سێ حەفتەیە کۆماری ئیسلامیی ئێران هێڵی ئینتێرنێتی جیهانیی لە خەڵکی ئێران بڕیوە، ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ئەو ڕێژیمە دەستیان کردووە بە ناردنی کورتەنامەی هەڕەشەئامێز بۆ هاووڵاتییان و چاوترسێنکردنیان.

بەپێی ئەو وێنانەی لە نێوخۆی ئێرانەوە بڵاو کراونەتەوە، ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە ڕێگەی کورتەنامەوە (SMS) داوایان لە هاووڵاتییان کردووە دەستبەجێ لەو لاپەڕە و کەناڵە گشتییانە بێنە دەرەوە کە ڕێژیم بە "دوژمن" و "دژبەر" ناویان دەبات.

 ڕێژیم هەڕەشەی ئەوە دەکات کە هەرکەسێک لەو لاپەڕانەدا بمێنێتەوە، ڕووبەڕووی توندترین سزا دەبێتەوە.

لە ناوەڕۆکی ئەم کورتەنامە هەڕەشەئامێزانەدا هاتووە: ئەندامبوون لە کاناڵ و لاپەڕەکانی میدیا ئازادەکان و دژبەرانی ڕێژیم بە "تاوان" هەژمار دەکرێت.

ناردن یان بڵاوکردنەوەی هەر جۆرە وێنە، ڤیدیۆ، بابەت و تەنانەت "نیشاندانی شوێنی جوگرافی، لە بارودۆخی شەڕدا سزای قورسی بەدواوە دەبێت.

ئەم هەڕەشە نوێیانەی دەزگا ئەمنییەتییەکان لە کاتێکدایە کە خەڵکی ئاسایی لە مافی سەرەتایی دەستڕاگەیشتن بە ئینتێرنێت بێبەش کراون، بەڵام تەنیا بەرپرسانی ڕێژیم و دەستوپێوەندەکانیان دەستیان بە ئینتێرنێت ڕادەگات بۆ ئەوەی پڕوپاگەندەکانی خۆیان بڵاو بکەنەوە.

ئەم هەنگاوەی کۆماری ئیسلامی وەک هەوڵێکی بێهودە دەبینرێت بۆ کۆنترۆڵکردنی زیاتری بیروڕای گشتی و شاردنەوەی ڕاستییەکان لە جیهانی دەرەوە.