وڵاتی عەرەبستان نوێنەرانی سەربازیی کۆماری ئیسلامی وەک "کەسانی نەخوازراو" ناسی و فەرمانی دەرکردنی دەستبەجێی ئەوانی لە خاکی وڵاتەکەی دەرکرد.
بەپێی ڕاپۆرتی میدیا فەرمییەکانی عەرەبستان، وەزارەتی دەرەوەی عەرەبستان ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە پێویستە نێردەی سەربازیی کۆماری ئیسلامی ئێران، یاریدەدەرەکەی و سێ کارمەندی تری باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا خاکی عەرەبستان جێبهێڵن.
ئەم کەسانە وەک "کەسی نەخوازراو" ناسێنراون و دەرکردنیان وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە کردەوەی دوژمنکارانە و بەردەوامەکانی ئێران، ئەنجام دراوە.
ڕیاز لە کاتی مەحکوومکردنی توندی ئەوەی کە بە "هێرشی ئاشکرا و دووبارە"ی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خاکی عەرەبستان و وڵاتانی تری ناوچەکە وەسفی کرد، جەختی لەوە کردەوە کە ئەم کردەوانە سەروەریی نیشتمانی، ژێرخانە مەدەنییەکان و بەرژەوەندییە ئابوورییەکانیان کردووەتە ئامانج.
هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە ئەم هێرشانە پێشێلکردنی ڕاشکاوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە.
عەرەبستان هەروەها هۆشداری داوە کە بەردەوامبوونی ئەم ڕێچکەیە دەکرێت لێکەوتەی جیددی بۆ پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و سەقامگیری ناوچەکە هەبێت و جەختی کردووەتەوە کە هەموو ڕێکارێکی پێویست بۆ پاراستنی ئەمنییەت و سەروەریی خۆی لەسەر بنەمای پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەگرێتە بەر.
شایانی باسە کە دوای هێرشە موشەکییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر دامەزراوەکانی وزەی قەتەر، وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئەو وڵاتە، نۆینەرانی سەربازی و ئەمنییەتییەکانی باڵوێزخانەی ئێران و کارمەندانی ئەو بەشانەی بە "کەسانی نەخوازراو" ناو برد و دەرکرد.