کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەرەبستان و ئیمارات هێرشی نوێی ڕێژیمی ئێرانیان بەرپەرچ دایەوە

12:23 - 2 خاکەلێوه 2726

هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە، وڵاتانی عەرەبستانی سعوودی و ئیمارات کەوتنە بەر شەپۆلێکی نوێی هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و سیستمە بەرگرییەکانی ئەو وڵاتانە بەرەڕووی ئەو هێرشانە بوونەوە.

وەزارەتی بەرگریی عەرەبستانی سعوودی ڕایگەیاند کە سێ مووشەکی بالستیک ئاراستەی ناوچەی ڕیازی پێیتەخت کراون. بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی سعوودی توانیویەتی یەکێک لە مووشەکەکان تێک بشکێنێت، لە کاتێکدا دوو موشەکەکەی تر لە ناوچە چۆڵ و ناجێنشینەکان کەوتوونەتە خوارەوە.

هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە پێنج دڕۆنی دیکەش لە ئاسمانی ئەو وڵاتەدا خراونەتە خوارەوە.

لە لایەکی ترەوە، دەوڵەتی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بە فەرمی ڕایگەیاند کە هێزەکانیان سەرقاڵی بەرەنگاربوونەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئێرانن. وەزارەتی بەرگریی ئیمارات لە بەیاننامەیەکدا جەختی کردەوە: "سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی لە ئێستادا خەریکی بەرپەرچدانەوەی هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی ئێرانیین."

وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئیمارات باسی لەوە کرد کە سێ دڕۆن لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە تێک شکێنراون.

هاوکات، ناوەندی ئۆپەراسیۆنی بازرگانیی دەریایی بەریتانیا (UKMTO) بڵاوی کردەوە کە هاوێژراوێکی نەناسراو لە دووریی ١٥ میلی دەریایی لە باکووری "شارجە" و لە نزیک کەشتییەکی بارهەڵگر تەقیوەتەوە. هەرچەندە زیان بە پێرسۆنێلی کەشتییەکە نەگەیشتووە، بەڵام ئەم ڕووداوە مەترسییەکان بۆ سەر ئەمنییەتی دەریایی لە ناوچەکەدا زیاتر کردووە.