کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناسنامەی قوربانییانی هێلیکۆپتەرەکەی قەتەر ئاشکرا کرا؛ سێ هاووڵاتیی تورکیە لە نێو کوژراوەکاندان

12:58 - 2 خاکەلێوه 2726

وەزارەتی بەرگریی تورکیە بە فەرمی ڕایگەیاند کە سێ کەس لەو حەوت کەسەی لە ئەنجامی کەوتنی هێلیکۆپتەرە سەربازییەکەی قەتەر گیانیان لەدەستداوە، هاووڵاتی تورکیەن.

 بەپێی بەیاننامەی فەرمیی ئەم وەزارەتە، هێلیکۆپتەرەکە کە سەر بە هێزە چەکدارەکانی قەتەر بووە، ئێوارەی ڕۆژی شەممە ١ی خاکەلێوە، لە کاتی ئەنجامدانی مەشقێکی سەربازیی هاوبەش لە نێوان هەردوو وڵاتدا، بەهۆی "کێشەی تکنیکی"یەوە لە ئاوەکانی قەتەردا کەوتووەتە خوارەوە.

بەپێی زانیارییە ئاشکراکراوەکان، قوربانییەکانی ئەم ڕووداوە پێکهاتوون لە چوار ئەندامی هێزە چەکدارەکانی قەتەر، یەک ئەفسەری هێزە چەکدارەکانی تورکیە و دوو تکنیکاری شیرکەتی گەورەی پیشەسازیی بەرگریی تورکیە.

 پێشتر وەزارەتی نێوخۆی قەتەر ئاماری سەرەتایی کوژراوەکانی بە شەش کەس ڕاگەیاندبوو و ئاماژەی بەوە کردبوو کە گەڕان بەدوای فڕۆکەوانێکی بێسەروشوێندا بەردەوامە، بەڵام ئێستا ژمارەی قوربانییەکان گەیشتووەتە حەوت کەس.

لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ئێران ئەمە یەکەمین زیانی گیانیی تۆمارکراوی هاووڵاتییانی تورکیە و قەتەرە لە ناوچەکەدا.  جێی ئاماژەیە لە ماوەی سێ حەفتەی ڕابردوودا، هاوشێوەی وڵاتانی تری کەنداو، چەندین جار ژێرخانە مەدەنی و دامەزراوەکانی وزەی قەتەر لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە کرابوونە ئامانج.