کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بنکەی ئەمریکا لە فرۆکەخانەی بەغدا لە ٢٤ کاتژمێردا ٨ جار کرایە ئامانج

13:28 - 2 خاکەلێوه 2726

سەرچاوە ئەمنییەتییەکانی عێراق ڕایانگەیاند، ناوەندی دیپڵۆماتیک و لۆجستییکەکانی ئەمریکا لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٨ جار بە مووشەک و دڕۆن هێرشی کراوەتە سەر.

ئەم هێرشانە کە تا بەرەبەیانی یەکشەممە ٢ی خاکەلێوە، بەردەوام بوون، بوونە هۆی ئەوەیکە بەشێک لە پێرسۆنێلەکان ئەو شوێنانە چۆل بکەن.

هاوکات گرووپە میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بەرپرسیاریەتیی خۆیان لە ئەنجامدانی ٢١ هێرش دژی "بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا" لە ناوچەکەدا ڕاگەیاندووە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە هێرشەکان بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا بۆ چوارەم شەو وەستا بوون، کە پێدەچێت پەیوەندی بەو مۆڵەتە پێنج ڕۆژییەوە هەبێت کە 'کەتائیبی حیزبوڵڵا' بۆ ڕاگرتنی کاتیی هێرشەکان دیارییان کردبوو.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش جەختی کردەوە کە باڵیۆزخانە لە بەغدا و کونسوڵخانەکەی لە هەرێمی کوردستان، سەرەڕای کەمکردنەوەی پێرسۆنێلەکانی، هێشتا لە کارەکانیان بەردەوامن.