کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل ناوەندێکی پەرەپێدانی چەکی ناوکیی ڕێژیمی ئێرانی لە تاران بۆمباران کرد

17:08 - 2 خاکەلێوه 2726

ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە هێزە ئاسمانییەکانی ئەو وڵاتە هێرشێکی وردیان کردووەتە سەر ناوەندێکی "توێژینەوە و پەرەپێدان"ی پەیوەندیدار بە بەرنامەی ناوکیی کۆماری ئیسلامی لە ناو جەرگەی شاری تاران.

بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەرتەشی ئیسرائیل، ئەم ناوەندە لە ناو زانکۆی "مالک ئەشتەر"دا هەڵکەوتووە و بۆ پەرەپێدانی پارچەکانی تایبەت بە چەکی ناوکی بەکارهێنراوە.

 شایانی باسە زانکۆی مالک ئەشتەر لەژێر چاودێری وەزارەتی بەرگریی ڕێژیمدایە و بەهۆی ڕۆڵی لە بەرنامە ئەتۆمی و موشەکییەکانی ئێراندا، لە لایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە خراوەتە لیستی گەمارۆکانەوە.

ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامی ئاستی پیتاندنی ئۆرانیۆمی گەیاندووەتە ڕادەیەک کە هیچ بەکارهێنانێکی مەدەنیی دیاریکراوی نییە و ڕێگریی لە چاودێرانی نێودەوڵەتیش کردووە بۆ پشکنینی دامەزراوەکانی.

هاوکات میدیاکانی نێوخۆی ئێران ڕایانگەیاندووە کە ڕۆژی شەممە ١ی خاکەلێوە، هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کۆمەڵگەی پیتاندنی ئورانیۆمی نەتەنز ناسراو بە "شەهید ئەحمەدی ڕۆشەن"یان کردووەتە ئامانج.

شارەزایانی تەکنیکی دەڵێن هیچ دەرچوونێکی ماددەی تیشکدەر (ڕادیۆئەکتیڤ) ڕووی نەداوە و مەترسی لەسەر دانیشتووانی ناوچەکە نییە.

بەپێی خەمڵاندنەکان، نزیکەی ٤٥٠ کیلۆگرام ئۆرانیۆمی پیتێنراوی ٦٠ لەسەدی ئێران بەهۆی هێرشەکانی ساڵی ڕابردووی ئەمریکاوە لەژێر داروپەردوی دامەزراوەکانی ئیسفەهان و نەتەنزدا ماونەتەوە.