سەرچاوە فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی هەواڵی دیاریکردنی سەرپەرەستی نوێیان بۆ وەزارەتی ئیتلاعات دوای کوژرانی ئیسماعیل خەتیب ڕاگەیاندووە، بەڵام لە ترسی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ئاشکراکردنی ناوەکەی خۆیان پاراستووە.
سەید مەهدی تەباتەبایی، جێگری پەیوەندییەکان و ڕاگەیاندنی نووسینگەی مەسعوود پزیشکیان، لە ڕێگەی پەیامێکەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئیکس" ڕایگەیاند کە دەستبەجێ دوای کوژرانی وەزیری ئیتلاعات، فەرمانی سەرپەرەستی وەزارەتی ئیتلاعات لەلایەن سەرۆککۆمارەوە دەرچووە و بە دامەزراوە پەیوەندیدارەکان دراوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، ناوبراو جەختی کردەوە کە زانیاری سەبارەت بە ناسنامەی ئەم کەسە "لە کاتی گونجاودا" بڵاو دەکرێتەوە و ئامادە نەبوو ناوەکەی بهێنێت.
ڕانەگەیاندنی ناوی سەرپەرەستی نوێ لە کاتێکدایە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، چەندین بەرپرسی باڵای وەزارەتی ئیتلاعات لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل کوژراون.
بە نهێنی هێشتنەوەی ناوی سەرپەرەستی نوێی وەزارەتی ئیتلاعات لەبەر ترسی کۆماری ئیسلامی لە بە ئامانجگرتنی ناوبراو لە درێژەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دایە و ئەو دۆخەش نیشاندەری زیادبوونی لاوازیی پێکهاتەی ئەمنییەتی ڕژێم لە بەرامبەر هەڕەشە دەرەکییەکاندایە.