کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل لە شەپۆلێکی دیکەدا هێرشی کردە سەر تاران و چەند ناوچەیەکی تری ئێران

10:23 - 3 خاکەلێوه 2726

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە هەواڵدەریی ''فارس''ی سەر بە سپای پاسداران ڕایگەیاند چەندین ناوچەی جیاواز لە تاران کراونەتە ئامانجی هێرشی ئاسمانی و دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە ناوچەکانی ١ و ٤ و ١١ و ١٣ و ٢١ بیستراوە بەپێی ڕاپۆرتەکان لە شەقامی پیرۆزی و گەرمەدەڕە و ئۆتۆبانی شەهید بابایی و شەقامی لەنگەری و مەیدانی هەروی و ی شەقامی حافز و کۆماری تەقینەوەی گەورە ڕوویانداوە.

هاوکات پەیامنێری کاناڵی ئەلجەزیرە لە تاران ڕایگەیاند کە تەقینەوەکان بێ وێنە بوون بەتایبەت لە گەڕەکەکانی ڕۆژهەڵاتی پێیتەخت و سیستمی بەرگری ئاسمانی لەو ناوچانە چالاک کراون.

ئەرتەشی ئیسرائیل لای خۆیەوە پشتڕاستی کردەوە کە شەپۆلێکی بەرفراوانی هێرشیان کردووەتە سەر ژێرخانەکانی رێژیم لە تاران و ڕایانگەیاندووە کە تا ئێستا زیاتر لە دە هەزار تەقەمەنییان بە وردی ئاڕاستەی هەزاران ئامانج لە سەرتاسەری ئێران کردووە.

لە لایەکی ترەوە هەواڵدەریی ''فارس'' ئاماژەی بەوە کردووە کە ناوەندی دەنگ و ڕەنگی کەنداوی فارس لە بەندەرعەباس کراوەتە ئامانجی هێرشی ئاسمانی و بەهۆی هێرشەکە بۆ سەر وێستگەی ناردنی ڕادیۆیی یەکێک لە پاسەوانەکان کوژراوە و کەسێکی تریش بریندار بووە و تا ئێستا زانیاری ورد لەسەر ئاستی زیانە گیانی و ماڵییەکانی تاران بڵاو نەکراوەتەوە.