لە درێژەی هێرشە مووشەکییەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە پاشماوەی مووشەکە تێک شکێنراوەکان لە چەندین ناوچەی باشوور و ناوەڕاستی ئیسرائیل کەوتوونەتە خوارەوە و زیانی ماددییان لێکەوتووەتەوە.
هەروەها کاناڵی ئەلجەزیرە بڵاوی کردەوە کە جارێکی تر تەقەمەنی خوشەیی دژ بە ئیسرائیل بەکارهێنراوە و زیانی گەیاندووە، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر کوژران و برینداربوونی مرۆیی بڵاو نەکراوەتەوە.
هاوکات وەزارەتی بەرگری عەرەبستانی سعوودی ڕایگەیاند سیستمی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەیان لە ناوچە سنوورییەکانی باکوور دڕۆنێکی تێک شکاندووە و پێشتریش چەندین دڕۆنی تر لە پارێزگای شەرقییە لەنێو براون.
لەلایەکی تریشەوە وەزارەتی بەرگری ئیمارات ڕایگەیاند سیستمەکانیان ڕووبەڕووی هەڕەشەی مووشەکی و دڕۆنی بوونەتەوە کە لە لایەن ئێرانەوە ئاڕاستە کراون و دەنگی تەقینەوەکان لە ناوچە جیاجیاکانی وڵات نیشانەی تێکشکاندنی ئەو هەڕەشانەیە.
ئەرتەشی کوەیت هەواڵێکی هاوشێوەی لەبارەی وڵاتەکەی بڵاو کردەوە و لە بەحرەینیش وەزارەتی نێوخۆ زەنگی ئاگادارکەرەوەی لێدا و داوای لە هاووڵاتییان کرد بچنە شوێنە ئارامەکان.
هەروەها لە شاری عەقەبەی ئۆردن زەنگی ئاگادارکەرەوە بیستراوە و پەیامنێران ڕایانگەیاندووە مووشەکێکی ئێرانی بە ئاسمانی ناوچەکەدا تێپەڕیوە و بەرەو بیابانی نەقب لە ئیسرائیل ڕۆیشتووە.