فەرماندەیی ناوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (سێنتکام) لە ڕێگەی هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردەوە کە کارخانەیەکی بەرهەمهێنانی مۆتۆری تۆربین لە شاری قوم کراوەتە ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەرتەشی ئەمریکا و بە تەواوی لەنێو چووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی سێنتکام ئەم کارخانەیە ڕۆڵی سەرەکی هەبووە لە بەرهەمهێنانی مۆتۆری دڕۆنە هێرشبەرەکان و دابینکردنی پارچەی فڕۆکەوانی بۆ سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران و وەک یەکێک لە ناوەندە گرینگەکانی پشتیوانیی سەربازیی ئەو سپایە ئەژمار کراوە.
سێنتکام چەند وێنەیەکی مانگی دەستکردی بڵاو کردووەتەوە کە نیشانی دەدەن ئەم دامەزراوانە لە ڕێکەوتی ٦ مارسی ٢٠٢٦دا بە تەواوی ساغ بوون، بەڵام سێ ڕۆژ دواتر واتە لە ڕێکەوتی ٩ مارسی ٢٠٢٦دا لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی هێزە ئەمریکییەکاندا بە توندی وێران کراون.