کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هونەرمەندێکی کورد لە ڕێگەی وێنەکانیەوە ئازاری منداڵانی کار لە ئێران نیشانی جیهان دەدات

12:02 - 3 خاکەلێوه 2726

هونەرمەندی وێنەگر و شێوەکاری ناسراوی کورد هیوا نەقشی کە خاوەنی ئەزموونی زیاتر لە ٢٤ ساڵە لە بوارەکانی وێنەگری پۆرترە و ڕیپۆرتاژ و فۆتۆژۆرناڵیزم بە پڕۆژەیەکی نوێی هونەری بە ناوی منداڵانی کار بەشداری لە فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتیدا کرد.

 ناوبراو لە ڕێگەی کارەکانیەوە تیشک دەخاتە سەر ژیانی ئەو منداڵانەی بەهۆی هەژاری و دەستکورتیی خێزانەکانیانەوە لە مافە سەرەتاییەکانی وەک خوێندن و یاری بێبەش کراون و ناچار بە کارکردنی تاقەتپڕوکێن کراون.

ئەم هونەرمەندە لە ناوەڕۆکی وێنەکانیدا چیرۆکی ئازاری ئەو منداڵانە دەگێڕێتەوە کە لە وڵاتێکی دەوڵەمەندی وەک ئێراندا دەژین، بەڵام بەهۆی پشتگوێخستنیان لە لایەن حکوومەت و نەبوونی هیچ پشتیوانییەک بۆ ژیانیان سەرەتاییترین ئازادی و دڵخۆشییەکانی تەمەنی منداڵییان لەدەست داوە.

 نەقشی ئامانجییەتی لە ڕێگەی ئەم بەرهەمانەوە سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ لای ئەم چینە بێبەشە ڕابکێشێت تا جیهان لە ڕاستی ژیانیان تێبگات.

شایانی باسە هیوا نەقشی خاوەنی مێژوویەکی پڕ لە دەستکەوتە و تا ئێستا لە زیاتر لە حەفتا پێشانگای گرووپی و حەوت پێشانگای تاکەکەسیدا لە ئاستی جیهان بەشداری کردووە و بەهۆی کارە جیاوازەکانی لە بواری وێنەگریدا توانیویەتی چەندین خەڵاتی گەورەی نێودەوڵەتی بەدەست بهێنێت کە ناوبانگی جیهانییان هەیە و وەک وێنەگرێکی لێهاتوو ناسراوە.

لە گرینگترین دەستکەوتەکانیدا میدالی زێڕی پلەی یەکەمی ئورووپای لە بواری فۆتۆژۆرناڵیزم و ڕیپۆرتاژ بۆ ساڵی ٢٠٢٥ هێناوە هەروەها خاوەنی میداڵی زێڕی ئەمریکایە لە ساڵی ٢٠١٣ و چەندین خەڵاتی ڕێزلێنانی لە وڵاتانی ئیتالیا و فەرانسە و ئوتریش پێ بەخشراوە کە نیشانەی ئاستی بەرزی هونەرەکەیەتی لە جیهاندا.