کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری دەرەوەی ئیمارات: هەرگیز تەسلیمی باجخوازی تێرۆریستانی ڕێژیم نابین

12:12 - 3 خاکەلێوه 2726

عەبدوڵڵا بن زاید جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی ئیمارات لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر بەردەوامی هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند کە ئەبووزەبی هەرگیز تەسلیمی باجخوازی تێرۆریستان نابێت و جەختی کردەوە کە ئەم هێرشانە پێویستی هاوبەشی ئەمنییەتی وڵاتەکەی لەگەڵ ڕۆژئاوا زیاتر دەسەلمێنێت.

وەزارەتی بەرگری ئیمارات ئاماژەی بەوە کردووە کە لە سەرەتای ئەم شەڕەوە تا ئێستا ڕێژیمی ئێران ١٥ مووشەکی کرووز و ٣٤٥ مووشەکی بالستیک و ١٧٧٣ دڕۆنی خۆکوژی ئاڕاستەی خاکەکەیان کردووە و تەنیا لە ڕۆژی یەکشەممەدا توانراوە ٤ مووشەکی بالستیک و ٢٥ دڕۆن تێک بشکێنرێن کە ئەمەش نیشانەی هەوڵی شکستخواردووی تارانە بۆ گوشار خستنە سەر هاوپەیمانانی ئەمریکا.

هاوکات لەگەڵ ئیمارات، وڵاتانی عەرەبستانی سعوودی و کوەیتیش کراونەتە ئامانجی هێرشە مووشەکییەکانی ڕێژیم و وەزارەتی بەرگری سعوودیە تێکشکاندنی چەند مووشەکێکی بالستیکی بەرەو ڕیاز پشتڕاست کردەوە.

چاودێرانی سیاسی پێیان وایە ئەم هەڵسوکەوتە توندوتیژانەی تاران بەرامبەر دراوسێکانی بووەتە هۆی یەکگرتوویی زیاتری بەرەی ناوچەیی دژ بە ڕێژیمی ئێران.