کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا: ترامپ تاکە زمانێک کە ئێرانییەکان لێی تێدەگەن بەکاردەهێنێت

12:33 - 3 خاکەلێوه 2726

هاوکات لەگەڵ ئەوەی گرژییەکان لەسەر کردنەوەی گەرووی هۆرمۆز بەردەوامن، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا ڕایگەیاند کە دۆناڵد ترامپ لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئێراندا "تاکە زمانێک کە ئێرانییەکان لێی تێدەگەن" بەکاردەهێنێت.

سکات بێسێنت لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی "ئێن بی سی" جەختی کردەوە کە ترامپ بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانی لەم قەیرانەدا "هەر کارێک پێویست بێت" ئەنجامی دەدات.

ناوبراو لە وڵامی ڕەخنەکان سەبارەت بە دژایەتی نێوان کەمکردنەوە و زیادکردنی گرژییەکان وتی: "هەندێک جار بۆ کەمکردنەوەی گرژی، پێویستە گرژییەکە زیاد بکرێت."

وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا هەروەها ڕوونی کردەوە کە هەموو بژاردەکان، لەوانە بەکارهێنانی هێزی سەربازی بۆ دابینکردنی ئەمنییەتی گەرووی هۆرمۆز، هێشتا لەسەر مێزن.

ئەو لە درێژەدا بە هەڵسەنگاندنی دۆخی نێوخۆی ئێران، وتی کە پێکهاتەی فەرماندەیی ئەم وڵاتە لە بارودۆخێکی "شێواو" دایە.

هاوکات لەگەڵ هەڕەشەکانی دوولایەنە لەنێوان ئەمریکا و ئێران لەسەر دوورگەی هۆرمۆز، ترامپ لە پەیامێکی کورتدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ترووس سۆشیاڵ" نووسیویەتی: "ئاشتی لە ڕێگەی هێزەوە بەدەست دێت."