شوورای بەرگریی ڕێژیمی ئێران لە ڕێگەی میدیا حکوومییەکانەوە ڕایگەیاند کە هەر جۆرە هێرشێک بۆ سەر کەناراوەکانی باشوور و دوورگەکان بە توندی وەڵام دەدەنەوە و هەڕەشەی ئەوەیان کردووە کە دەست دەکەن بە مینڕێژکردنی بەرفراوانی دەریا و بڕینی تەواوی ڕێڕەوەکانی پەیوەندی لە کەنداودا.
ئەم هەڕەشە ڕاستەوخۆیانە لە کاتێکدایە کە گرژییەکان لە ئاوە نێودەوڵەتییەکانی ناوچەکە گەیشتووەتە لوتکە و هەواڵدەریی ''ئاکسیۆس'' باسی لەوە کردووە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خەریکی پلانێک بۆ داگیرکردن یان گەمارۆدانی دوورگەی خارکە.
ئەم دوورگەیە ناوەندی سەرەکی هەناردەکردنی نەوتی ئێرانە و ئامانج لەو پلانەی ئەمریکا بۆ کردنەوەی بێ مەرجی گەرووی هۆرمۆز، گوشارخستنە سەر تارانە.
شیکەرەوە سەربازییەکان پێیان وایە ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان ستراتیژی داخستنی دەریا لەلایەن ڕێژیم و پلانی کۆنترۆڵکردنی ژێرخانە نەوتییەکان لە لایەن واشنگتۆنەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی خستووەتە لێواری پەککەوتنی ئابووری و سەربازی.
نزیکبوونەوە لە کاتی کۆتایی مۆڵەتە ٤٨ کاتژمێرییەکەی ترامپ نیشانەی جیددیبوونی بژاردەی سەربازیی بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە و شکاندنی گەمارۆ دەریاییەکانە کە ناوچەکەی بەرەو قۆناغێکی نادیار بردووە.