کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێدوانە دژبەیەکەکانی ترامپ و ئێران سەبارەت بە وتووێژ

16:22 - 3 خاکەلێوه 2726

لە کاتێکدا گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕۆژانی ڕابردوودا زیادی کردووە، دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، هەواڵی دەستپێکردنی وتووێژی نێوان تاران و واشینگتۆنی ڕاگەیاند و وتی کە هێرشە ئەگەرییەکان بۆ سەر ژێرخانە وزەییەکانی ئێران بە شێوەیەکی کاتی دواخراون.

ترامپ لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ترووس سۆشیاڵ" نووسیویەتی: ''لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا وتووێژی زۆر باش لە نێوان هەردوولا سەبارەت بە گەیشتن بە چارەسەرێکی گشتگیر بۆ کۆتاییهێنان بە دوژمنایەتییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام دراوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە، بەهۆی کەشوهەوای ئەرێنیی ئەم دانوستانانە، فەرمانی بە وەزارەتی شەڕ کردووە "هێرشەکان بۆ سەر وێستگەکانی کارەبا و ژێرخانە وزەییەکانی ئێران بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ ڕابگیرێت، بە مەرجێک وتووێژەکان بە سەرکەوتوویی بەردەوام بن."

لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند: "هیچ وتووێژێک لە نێوان تاران و واشینگتۆندا بوونی نییە و لێدوانەکانی سەرۆککۆماری ئەمریکا لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بۆ کەمکردنەوەی نرخی وزە و بەدەستهێنانی کات بۆ جێبەجێکردنی پلانە سەربازییەکانی دایە."

وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی هەروەها ڕایگەیاند کە دەسپێشخەرییەک لەلایەن وڵاتانی ناوچەکەوە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان بوونی هەیە و وڵامی ئێمە بۆ هەموویان ڕوونە؛ ئێمە لایەنێک نین کە ئەم شەڕەمان دەست پێکردبێت و پێویستە هەموو ئەم داواکارییانە ئاراستەی ئەمریکا بکرێن.