کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر شارەکانی ئێران

16:58 - 3 خاکەلێوه 2726

لە درێژەی پەرەسەندنی هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر پێگەکانی کۆماری ئیسلامی، ڕۆژی دووشەممە ٣ی خاکەلێوە، چەندین شار لە شوێنە جیاوازەکانی ئێران کرانە ئامانج.

ئەرتەشی ئیسرائیل ئەمڕۆ شەپۆلێکی نوێی هێرشەکانی بۆ سەر ژێرخانەکانی ڕێژیمی ئێران لە سەرتاسەری تاران دەست پێکرد و بەپێی ڕاپۆرتی میدیا فەرمییەکانی ئێران، تاران لە کاتژمێرەکانی سەرەتای پاشنیوەڕۆدا دووبارە شایەتی چەندین تەقینەوە و چالاکبوونی سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی بوو.

هەواڵدەرییەکان و دەنگوڕەنگی کۆماری ئیسلامیش ڕایانگەیاند کە چەندین تەقینەوە لە ڕۆژهەڵات، ڕۆژاوا و باشووری تاران بیستراون و سیستمەکانی بەرگری لەو شوێنانە چالاک کراون.

لە پاڵ تاراندا، ڕاپۆرتەکان باس لە فراوانبوونی مەودای هێرشەکان بۆ شارەکانی دیکە دەکەن و چەند پێگەیەک لە تەورێز، ورمێ، یەزد، ئیسفەهان، بووشەهر، جەم، بەندەرعەباس و سیرجان، لەوانە کۆگاکانی تەقەمەنی هێزی دەریایی، کراونەتە ئامانج.

سەرەڕای بەرفراوانیی ئەم هێرشانە، تا ئێستا بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی هیچ ڕاپۆرتێکیان سەبارەت بە زیانی گیانی یان کردنە ئامانجی بەرپرسانی باڵای سەربازی و سیاسی بڵاو نەکردووەتەوە.