برەد کوپێر فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکام) لە یەکەم چاوپێکەوتنیدا دوای دەستپێکردنی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە کۆماری ئیسلامی زانیاری نوێی درکاند و ڕایگەیاند کە پڕۆسەی گەیشتن بە ئامانجە سەرەکییە سەربازییەکان لە هەندێک بواردا لە پێش بەرنامەی دیاریکراوەوەیە و بەباشی بەڕێوە دەچێت.
ئەم بەرپرسە باڵایە سەربازییەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە کۆماری ئیسلامی بە هێرشە بەردەوامەکانی بۆ سەر وڵاتانی عەرەبی و ناوچەکە ژیانی خەڵکی مەدەنی خستووەتە مەترسییەوە و جەختی کردەوە کە ئەمریکا تەنیا ڕووبەڕووی هەڕەشەکانی ئێستا نابێتەوە، بەڵکوو کار دەکات بۆ لەنێوبردنی هەڕەشەکانی داهاتوو لە ڕێگەی تێکشکاندنی دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی مووشەک و دڕۆن.
کوپێر سەبارەت بە دۆخی نێوخۆی ئێران ڕایگەیاند کە هێشتا کاتی ئەوە نەهاتووە خەڵکی ئێران بڕژێنە سەر شەقامەکان هەرچەندە ئەمریکا و ئیسرائیل هیوادارن ئەم هێرشانە ببێتە هۆی ڕاپەڕینی گەل و ڕووخانی ڕێژیم.
ناوبراو ئاماژەی بە قسەکانی دۆناڵد ترامپ کرد و وتی لە کاتێکی گونجاودا ئاماژەیەکی ڕوون دەدرێت کە نیشانەی گۆڕانی بارودۆخەکە دەبێت.
فەرماندەی سێنتکام لە کۆتاییدا کۆماری ئیسلامی تۆمەتبار کرد بەوەی کە ناوچە نیشتەجێبووەکان بۆ هاویشتنی مووشەک و دڕۆنەکان بەکار دەهێنێت و بەم کارە ژیانی هاووڵاتیانی مەدەنی دەخاتە مەترسییەکی گەورەوە کە ئەمەش بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێلکارییەکی ئاشکرایە.