دوابەدوای کوژرانی ڕێبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، سەرۆکی پارلەمانی ئورووپا نووسیویەتی: "کۆتاییهاتنی ئایەتوڵڵاکان دەبێت هێمای کۆتایی دەسەڵاتداریی دیکتاتۆرەکانی ئێران بێت، دوای ٤٧ ساڵ، ئێستا کاتی ئازادیی ئێران گەیشتووە".
ڕۆبێرتۆ مێتسۆلا سەرۆکی پارلەمانی ئورووپا، ئەمڕۆ یەکشەممە لەبارەی تاوانەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەژێر فەرمانی عەلی خامنەیی نووسیویەتی: "هەموو ئەوانەی کوژران، لە سێدارە دران، منداڵانی ستەملێکراو، دایکانی جەرگسووتاو و هەموو ئەو کەسانەی کە ناچار بوون ماڵەکانیان بەجێ بێڵن و کۆچ بکەن، ئێستا کاتی ئازادییە".
مێتسۆلا بە ئاماژەدان بە ناوی ژینا ئەمینی نووسیویەتی: "بۆ بەندکراوانی سیاسیی ژێر ئەشکەنجە، بۆ ژینا ئەمینی و هەموو ئەو کەسانەی لەو شۆڕشەدا بەشدارییان کرد، ئێستا کاتی ئازادییە".