بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە تەنانەت ئەگەر ئەمریکا و ئێران بچنە نێو گفتوگۆی ئاشتییەوە، ئیسرائیل بە بڕیارێکی توندەوە بەرگری لە بەرژەوەندییە باڵاکانی خۆی دەکات.
ناوبراو جەختی کردەوە کە تا کاتی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی کۆتایی کە زامنی ئەمنییەتی ئیسرائیل بکات، هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر پێگەکانی ئێران و حیزبوڵڵا بەردەوام دەبن.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕوونی کردەوە کە دۆناڵد ترامپ بڕوای وایە دەکرێت لەگەڵ ئێراندا بگەینە ڕێککەوتنێکی هاوبەش کە بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل بپارێزێت.
لەگەڵ ئەوەشدا، نێتانیاهوو ئاماژەی بەوە کرد: «ئێمە لەژێر هەر بارودۆخێکدا بێت بەرگری لە بەرژەوەندییە گرنگەکانمان دەکەین. هێرشەکانمان لە نێوخۆی ئێران و لوبنان بۆ لەنێوبردنی بەرنامە مووشەکی و ئەتۆمییەکان و وەشاندنی گورزی کوشندە لە حیزبوڵڵا بەردەوامە؛ هەروەک چۆن لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دوو زانای ئەتۆمیی تری ڕژێممان لەناو بردووە''.
هاوکات لەگەڵ لێدوانەکانی نەتانیاهوو، دۆناڵد ترامپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشاڵ" وتوویەتی کە ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێران لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا گفتوگۆی "زۆر باش و بنیاتنەر"یان بۆ کۆتاییهێنان بە دوژمنایەتییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبووە. ترامپ هیوای خواست ئەم دانوستانانە ببێتە هۆی چارەسەرێکی گشتگیر و تەواو.
لە بەرامبەردا، هەواڵدەریی "فارس" لە زمان سەرچاوەیەکی ئاگادارەو هەر جۆرە گفتوگۆیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی لەگەڵ ئیدارەی ترامپ ڕەت کردەوە.