کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێکشاندنی ٣٠ دڕۆنی ڕێژیمی ئێران لە ئاسمانی عەرەبستان

11:20 - 4 خاکەلێوه 2726

سیستەمی بەرگری ئاسمانیی عەرەبستان، ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە ٣٠ دڕۆنی ڕێژیمی ئێران تێک شکاندووە کە ئاراستەی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە کرابوون.

بەپێی بەیاننامە فەرمییەکان، هێزە بەرگرییەکانی عەرەبستان بە وڵامدانەوەیەکی خێرا توانیویانە تەواوی ئەو دڕۆنانە پێش گەیشتن بە ئامانجەکانیان تێک بشکێنن.

ئەم هێرشە وەک بەردەوامی زنجیرەیەک هەڕەشەی ئەم دواییانە بۆ سەر ژێرخانە گرینگەکان و ناوچە هەستیارەکانی ئەو وڵاتە هەژمار دەکرێت.

هەروەها ڕۆژێک پێشتریش سیستمە بەرگرییەکانی عەرەبستان سێ مووشەکی بالستکیان تێک شکاند کە ئاراستەی ناوچەی ڕیاز کرابوون.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، یەکێک لەو مووشەکانە لە ئاسماندا تەقێندراوەتەوە و دوو مووشەکەکەی تریش لە ناوچە چۆڵەکاندا کەوتوونەتە خوارەوە و هاوکات، حەوت درۆنی دیکەش لە ناوچەی ڕۆژهەڵات تێکشکێندراون.

بەرپرسانی عەرەبستان بە جەختکردنەوە لەسەر مافی بەرگری ڕەوا، ڕایانگەیاند کە دوودڵ نابن لە گرتنەبەری تەواوی ڕێکارە پێویستەکان بۆ پاراستنی سەروەری، ئەمنییەتی نەتەوەیی و پاراستنی هاووڵاتییان و ژێرخانە گرینگەکانیان.

لەم بەیاننامەیەدا ئاماژە بە نەتەوە یەکگرتووەکان و ماددەی ٥١ی پەیماننامەکەی کراوە کە مافی بەرگری لە خۆکردن بەرامبەر هەڕەشە دەرەکییەکان بە وڵاتان دەبەخشێت.