کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێنتکام: زیاتر لە ٩ هەزار هێرش دژی ئامانجەکانی ئێران ئەنجام دراوە

11:35 - 4 خاکەلێوه 2726

فەرماندەیی ئەمریکا (سێنتکام)، ئێوارەی دووشەممە ٣ی خاکەلێوە ڕایگەیاند کە لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕ دژی ئێرانەوە، زیاتر لە ٩ هەزار ئۆپەراسیۆنی ئاسمانییان ئەنجام داوە و هەزاران ئامانجیان لە ناوچە جیاجیاکانی ئەو وڵاتەدا پێکاوە.

بەپێی بەیاننامەیەک کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئیکس" بڵاوکراوەتەوە، ئەم ئۆپەراسیۆنانە بوونەتە هۆی زیانپێگەیاندن یان تێکشکاندنی نزیکەی ١٤٠ کەشتیی ئێرانی و بەشێک لە ژێرخانە سەربازی و لۆجستییەکانی ئێرانیان کردووەتە ئامانج.

بە وتەی سێنتکام، بنکەکان، سەکۆکانی هەڵدانی مووشەک و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بە توانای سەربازیی ئێران لەو هێرشانەدا بە شێوەیەکی بەرفراوان پێکراون.

لە بەرامبەردا، ئێران بە هاویشتنی سەدان مووشەک و دڕۆن بۆ سەر ئیسرائیل و هەندێک لە وڵاتانی عەرەبیی دەوروبەری کەنداو کاردانەوەی نواندووە و ڕایگەیاندووە کە بەرژەوەندی و بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەکاتە ئامانج.

لەگەڵ ئەوەشدا، بە وتەی سەرچاوە ناوچەییەکان، سیستمە بەرگرییە ئاسمانییەکانی وڵاتانی عەرەبی بەشێکی بەرچاوی ئەم هێرشانەیان تێکشکاندووە و پووچەڵ کردووەتەوە.