کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزارەتی پێشمەرگە: ٦ پێشمەرگە لە ئەنجامی هێرشێکی مووشەکیی ئێران شەهید بوون

12:35 - 4 خاکەلێوه 2726

لە ئەنجامی دوو هێرشی مووشەکی بۆ سەر بارەگایەکی هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری سۆران، ٦ پێشمەرگە شەهید و ٣٠ی دیکەش بریندار بوون. 

وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، ٤ی خاکەلێوە، لە دوو هێرشی جیاوازدا، بە شەش مووشەکی بالستیکی ڕێژیمی ئێران، هێرش کرایە سەر بارەگایەکی فیرقەی حەوتی پیادەی دەڤەری یەک و هێزێکی فیرقەی پێنجی پیادەی هێزی پێشمەرگە لە سنووری سۆران.

 بە پێی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە، لە ئەنجامی هێرشەکاندا، شەش پێشمەرگە شەهید و ٣٠ی دیکەش بریندار بوون.

ناوی شەهیدانی نوێی کوردستان بەم شێوەیە ڕاگەیەندراوە: "ڕێبەر عەبدوڵڵا، زکری بێخشاشی، ڕامین عادل، شەهاب بێخشاشی، کەیوان موزەفەر و پشتیوان مەلا مووسا".

وەزارەتی پێشمەرگە بە توندترین شێوە ئەم هێرشە و هەموو هێرشە تیرۆریستییەکانی دیکەی سەر هەرێمی کوردستان مەحکووم کرد ودووپاتیشی دەکاتەوە هەموو مافێکیان هەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر دەستدرێژییەک دەکرێتە سەر گەل و خاکەکەیان.

هاوکات لەگەڵ هێرش بۆ سەر سنووری سۆران ، شەوی ڕابردوو چەند دڕۆنێک ئاراستەی کۆنسوڵخانەی ئەمریکا و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کران، بەڵام لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانییەوە بەرپەرچ درانەوە و تێک شکێندران.

  لە دەستپێکی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دژی ئێران، هەرێمی کوردستان بە زیاتر لە ٤٠٠ درۆن و مووشەک لەلایەن ڕێژیمی ئێران و گرووپە نیابەتییەکانی بۆردوومان کراوە.