لە کاتێکدا هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل ناوەندە سەربازییەکانیان کردووەتە ئامانج، ڕاپۆرتەکان لە زیندانی ئێڤینەوە ئاماژە بە کارەساتێکی مرۆیی دەکەن کە لەلایەن بەرپرسانی زیندانەکەوە خوڵقێنراوە.
بنەماڵەی زیندانییانی سیاسی باسیان لەوە کردووە، کە ژیانی ئازیزانیان نەک بەهۆی هێرشەکان، بەڵکوو بەهۆی ڕەفتارە تاوانکارییەکانی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە مەترسییەکی جیددایە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتانە، مەئمورانی زیندان بە قفڵکردنی تەواوەتیی بەندەکان و جێهێشتنی شوێنی کارەکەیان، زیندانیانیان لە دۆخێکی گەمارۆدراوی ڕەها و بێ ڕێگەی دەربازبووندا جێهێشتووە.
کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی بڕینی بەشەخۆراک، ڕاگرتنی دابەشکردنی پێداویستییە سەرەکییەکان و داخستنی فرۆشگاکان، بە کردەوە سیاسەتی "برسیکردنی زۆرەملێ"ی دژی زیندانیانی سیاسی گرتووەتەبەر؛ بە جۆرێک کە زیندانییان تەنیا دەستیان بە "نانەوشکە و ئاو" دەگات.
چالاکانی مافی مرۆڤ، هۆشدارییان داوە کە دەزگای دادوەری بە هێشتنەوەی نایاسایی هەزاران کەس لە دۆخی شەڕدا و بێبەشکردنیان لە مافە سەرەتاییەکان، بەرپرسی ڕاستەوخۆی هەر زیانێکە کە بەر زیندانیان بکەوێت.
ئێستا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕووبەڕووی هۆشداریی بنەماڵەکان بووەتەوە کە جەخت دەکەنەوە کۆماری ئیسلامی بە دروستکردنی کەشێکی ترس و برسییەتی، زیندانییان وەک بارمتە و قەڵغانی بەرگری بەکاردەهێنێت و ژیانی ئەوانی کردووەتە قوربانیی مانەوەی ڕێژێمەکەی.