کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل: کۆگای مووشەکی و چەندین بنکەی ڕێژیمی ئێرانمان کردە ئامانج

13:15 - 4 خاکەلێوه 2726

ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند، هێزەکانیان لە زنجیرە هێرشەکانی دوێنێ و شەوی ڕابردوو ٣ی خاکەلێوە، دامەزراوەکانی کۆگای مووشەکی بالستیک و چەندین بنکەی ڕێژیمی ئێرانیان کردووەتە ئامانج.

بەپێی هەواڵەکە، دوو بنکەی ئیتلاعاتی سپای پاسداران و بنکەیەکی وەزارەتی ئیتلاعات لە تاران کراونەتە ئامانج. هەروەها لەو شارەدا چەندین شوێنی کۆگاکردنی چەک و سیستمی بەرگریی ئاسمانی پەلامار دراون.

ئەرتەشی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کردووە، شەوی ڕابردوو هێرشیان کردووەتە سەر زیاتر لە ٥٠ ئامانج لە باکوور و ناوەڕاستی ئێران، کە شوێنی کۆگاکردن و هاویشتنی مووشەکی بالیستییان لەخۆ گرتووە.

پێشتر ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، لە هێرشێکی ئێوارەی دووشەممە ٣ی خاکەلێوە، بۆ سەر تاران، بنکەیەکی ناوەندیی سپای پاسدارانیان پێکاوە کە لە شوینی مەدنی جێگیر کرابوو.

لە بەیاننامەی ئەرتەشی ئیسرائیلدا هاتووە: ''هێزی ئاسمانی، قەرارگای ئیمام عەلی"ی سەر بە هێزەکانی بەسیجی کردووەتە ئامانج؛ ئەو قەرارگایە بەرپرسی سەرکوتکردنی خەڵکی ئێرانە و لەنێو خەڵکی سڤیلدا چالاکی دەکات.''

هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە ئەو بارەگایە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بەکار هێنراوە و بەرپرسیاریەتیی گوردانەکانی ئیمام عەلی لە یەکەی بەسیج لە ئەستۆ بووە.

لە بەیاننامەکەدا جەخت کراوەتەوە: ''لێدانی ئەم گورزە بەو قەرارگایە، بەشێکە لە قووڵکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر ژێرخانە سەرەکییەکانی ڕێژیم و تواناکانی لە بەشی ئەمنییەتدا.''