لە دوای کوژرانی عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە لە ئێراندا هەرکەس وەک ڕێبەر دیاری بکرێت، دەیکەینە ئامانج و لەنێوی دەبەین.
یسرائیل کاتس وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکسدا نووسیویەتی: "هەر ڕێبەرێک کە لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە بەمەبەستی درێژەدان بە سیاسەتی لەنێوبردنی ئیسرائیل، هەڕەشە لە ئەمریکا، جیهانی ئازاد و وڵاتانی ناوچەکە و سەرکوتی خەڵکی ئێران بەردەوام بێت، لەنێوی دەبەین".
کاتس ڕایگەیاند کە "ئێمە بە هەموو هێزمانەوە و بە هاوکاریی ئەمریکا، هەموو هەوڵەکانمان بۆ لەنێوبردنی تواناکانی ڕێژیمی تاران دەخەینە گەڕ".
ناوبراو وتیشی: "ئێمە دۆخێک بۆ خەڵکی ئێران دابین دەکەین هەتا ئەو ڕێژیمە لەنێو ببەن".
عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی وێڕای چەندین کاربەدەستی باڵای ڕێژیم لە ڕێکەوتی ٩ی ڕەشەمەدا لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە لە بەیتی ڕێبەریی ڕێژیمدا کرایە ئامانج و سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی ڕەشەمە هەواڵی کوژرانی لەلایەن ڕێژیمەوە پشتڕاست کرایەوە.