ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە کە "محەممەد بن سەلمان"، شازادەی جێنەشینی عەرەبستان، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی ئەمدواییەیدا لەگەڵ دۆناڵد ترامپ، هانی داوە کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان تا کاتی هەرەسهێنانی تەواوی پێکهاتەی دەسەڵات لە ئێران، بەردەوام بن.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە کە لەسەر بنەمای گفتوگۆ لەگەڵ سەرچاوە ئاگادارەکان ئامادە کراوە، بن سەلمان ئەم قۆناغەی وەک "دەرفەتێکی مێژوویی" بۆ گۆڕینی نەخشەی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەسف کردووە و جەختی کردووەتەوە کە هەڕەشە ئەمنییەتییەکانی ناوچەکە تەنیا بە لەنێوچوونی ڕێژیمی ئێستا لە تاران کۆتایییان دێت.
نیویۆرک تایمز نووسیویەتی بن سەلمان تەنانەت هەنگاوی زیاتری ناوە و پێشنیاری "ئۆپەراسیۆنی زەمینی" کردووە بۆ دەستبەسەرداگرتنی ژێرخانە سەرەکییەکانی وزە (وەک دوورگەی خارک)، تاوەکو دەمارەکانی دارایی ڕێژیم بە تەواوی ببڕدرێت و پرۆسەی گۆڕینی دەسەڵات خێراتر بێت.
ناوبراو نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە کە ڕاگرتنی شەڕ لەم قۆناغەدا، دەبێتە هۆی سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی هێزە سەربازییەکانی ڕێژیم و دروستکردنی هەڕەشەی بەردەوام بۆ سەر ئەمنییەتی وڵاتانی کەنداو و ڕێڕەوە نێودەوڵەتییەکانی کەشتیوانی.
ئەم ڕاپۆرتە لە کاتێکدا بڵاو دەبێتەوە کە دۆناڵد ترامپ ئاماژەی دژبەیەک سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە شەڕ یان توندترکردنی هێرشەکان دەردەبڕێت.
لە کاتێکدا هەندێک لە هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکان هۆشداری دەدەن لە دەرەنجامەکانی فراوانبوونی شەڕ، بن سەلمان لەسەر ئەو بڕوایەیە کە سەقامگیریی ڕاستەقینە ناگەڕێتەوە بۆ ناوچەکە مەگەر ئەم ڕێژیمە بە تەواوی لەنێو بچێت.
هاوکات لەگەڵ ئەم ڕاوێژانە، ڕێژیمی تاران لە وەڵامی هێرشەکانی هاوپەیمانان، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە چەند ناوچەیەکی ڕۆژهەڵاتی عەربستانی کردووەتە ئامانجی هێرشی درۆنی، هەنگاوێک کە گوشارەکانی سەر واشنگتۆنی بۆ چڕکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان زیاتر کردووە."