کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزیری شەڕی ئەمریکا: گوشارە سەربازییەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامی بەردەوام دەبن

10:43 - 5 خاکەلێوه 2726

پیت هێگسێت، وەزیری شەڕی ئەمریکا، بە ئاماژەدان بە ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی حەماسی" ڕایگەیاند کە گوشاری سەربازی دژی کۆماری ئیسلامی "تا هەر کاتێک و بە هەر ڕادەیەک پێویست بێت" بەردەوام دەبێت.

ناوبراو ئەو ئۆپەراسیۆنەی لە ڕووی خێرایی و توندیی لێدانەکانەوە بە بێ‌وێنە وەسف کرد و وتی کە ژێرخانە سەربازییە سەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامی، لەوانە توانای ئاسمانی، دەریایی و بەرگری، بە شێوەیەکی بەرفراوان تێک شکێندراون.

هێگسێت بە جەختکردنەوە لەسەر ڕۆڵی ڕاستەوخۆی دۆناڵد ترامپ لە پێدانی دەسەڵاتی فراوان بە ئەرتەشی ئەمریکا، ئەم هەڵمەتەی بە ئۆپەراسیۆنێک کە لە مێژوودا دەمێنێتەوە ناوهێنا و وتی واشنگتۆن لە هەمان کاتدا ڕێگەی سەربازی و دیپلۆماسی دەگرێتە بەر.

ئەو بە ڕاگەیاندنی ئەوەی کە "ئێمە بە بۆمبەکان دانوستان دەکەین"، وتی کە کۆماری ئیسلامی لەبەردەم هەڵبژاردنێکی یەکلاکەرەوەدایە سەبارەت بە داهاتووی خۆی.

هێگێست وتیشی کە کاتێک ئێمە بەردەوام لەسەر تاران دەفڕین، یانی کۆماری ئیسلامی بۆ داهاتووی خۆی تەنیا یەک بژاردەی هەیە.

وەزیری شەڕی ئەمریکا هەروەها جەختی کردەوە کە ڕێگریکردن لە دەستڕاگەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە چەکی ئەتۆمی ئەرکێکی بێ ئەملاو ئەولایە و وڵاتەکەی بۆ بەدیهێنانی ئەوە، پەنا بۆ گوشاری سەربازیی بەردەوام دەبات.