کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاسۆشێتد پرێس: ئەمریکا لانیکەم هەزار سەربازی دیکە دەنێرێتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

10:53 - 5 خاکەلێوه 2726

لە چوارچێوەی زیادکردنی ئامادەیی ئامریکا لە دوای پەرەسەندنی گرژییەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، هەواڵدەریی "ئاسۆشێتد پرێس" لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایگەیاندووە کە ئەرتەشی ئەمریکا خەریکی ئامادەکارییە بۆ ناردنی لانیکەم هەزار سەربازی "لشکری ٨٢ی ئاسمانی" بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بە وتەی ئەم سەرچاوانە، ئەم هێزانە پێکهاتوون لە گوردانێک لە تیمی شەڕکەری تیپی یەکەم، لەگەڵ سەرلەشکر "برێندۆن تێگت مایەر" فەرماندەی لەشکرەکە و بەشێک لە کادری فەرماندەیی.

لەشکری ٨٢ی ئاسمانی وەک هێزی کاردانەوەی خێرای ئەرتەشی ئەمریکا دەناسرێت و توانای جێگیربوونی دەستبەجێی لە ناوچە دوژمنکارییەکاندا هەیە، لەوانە بۆ دابینکردنی ئەمنییەتی فڕۆکەخانەکان و خاڵە ستراتێژییەکان.

ئەم ناردنی هێزە لە کاتێکدایە کە پێشتریش هەزاران سەربازی هێزی دەریایی (مارێنز) و کەشتییە جەنگییەکان لە ناوچەکانی دیکەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گواستراونەتەوە و ژمارەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە گەیشتووەتە نزیکەی ٥٠ هەزار کەس.

هاوکات، دەوڵەتی دۆناڵد ترامپ دەسپێکردنی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان ڕاگەیاندووە، بەڵام بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی هەر جۆرە دانوستانێکی ڕاستەوخۆیان ڕەت کردووەتەوە.

لە هەمان کاتدا، سەرچاوەکانی کۆنگرەی ئەمریکا باس لە سازکردنی کۆبوونەوەیەکی نهێنی سەبارەت بەم جووڵە سەربازییانە دەکەن، کە دەکرێت نیشانەیەک بێت بۆ ئەگەری توندتربوونی قەیرانەکان.