لە کاتێکدا هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی بەردەوامە، دەسەڵاتدارانی تاران پەنایان بۆ میلیتاریزەکردنی شەقامەکان بردووە.
وتەبێژی پۆلیسی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند کە هەزار و ٤٦٣ بازگەی پشکنینی تایبەت و ١٥ هەزار یەکەی گەڕۆکی ماشین و ماتۆڕسکلێت لە سەرتاسەری وڵاتدا جێگیر کراون.
ئەم هەنگاوە ئەمنییە توندە دوای دەستپێکردنی هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل هاتووەتە ئاراوە. جێگەی ئاماژەیە کە پێشتر ئەم بازگانە لە لایەن دڕۆنەکانی ئیسرائیلەوە کراونەتە ئامانج و تێیدا ژمارەیەک لە هێزەکانی ڕێژیم کوژراون، ئەمەش وەک شکستی تاکتیکی و نەبوونی پاراستن بۆ هێزەکانی ڕژێم لە قەڵەم دەدرێت.
لە لایەکی ترەوە، بەکارهێنەرانی سۆشیاڵ میدیا ئاماژە بەوە دەکەن کە هاووڵاتییان لە جیاتی فڕۆکە شەڕکەرەکان، زیاتر لەو هێزە چەکدارانە دەترسن کە لە شەقامەکاندا بڵاوەیان پێ کراوە.
ئێستا زیاتر لە ١٢٩ هەزار کەس لە یەکەکانی "یگان ویژه" و هێزی فریاکەوتن لە ئامادەباشیدان، کە نیشانەی ترسی ڕێژێمە لە هەر ئەگەرێکی ڕاپەڕینی جەماوەری لە نێوخۆی وڵاتدا.