کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

واڵ ستریت ژوورناڵ: مەودای نێوان واشنگتۆن و تاران بۆ ڕێککەوتن هێشتا زۆرە

12:04 - 5 خاکەلێوه 2726

ڕۆژنامەی "واڵ ستریت ژوورناڵ" بڵاوی کردەوە کە نێوبژیوانی وڵاتانی تورکیە، میسر و پاکستان لە هەوڵدان لە ماوەی ٤٨ کاتژمێری داهاتوودا دیدارێک لە نێوان بەرپرسانی ئەمریکا و ئێران ڕێکبخەن، بەڵام ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەردوولا هێشتا لەسەر هەڵوێستەکانیان سوورن و مەودایەکی زۆر لە نێوانیاندا هەیە.

بەپێی سەرچاوە هەواڵییەکان، وڵاتی پاکستان پێشنیاری نێوبژیوانی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ کردووە و دۆناڵد ترامپ، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیاڵ" ئاماژەی بەم بابەتە کردووە.

 واشنگتۆن پلانێکی ١٥ خاڵی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ پێشنیار کردووە، بەڵام بەرپرسانی تاران بە گومانەوە دەڕواننە ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانە و بە "تەڵە" ناوی دەبەن.

بەردەوامیی هێرشەکان و ئامادەکارییە سەربازییەکان لە کاتێکدا هەوڵی ئاشتی دەدرێت، کۆماری ئیسلامی هێرشەکانی لە ناوچەکە بەردەوام کردووە و چەندین شوێنی لە ئیسرائیل، کوەیت، بەحرەین و عەرەبستانی کردووەتە ئامانج.

لە بەرانبەردا، پێنتاگۆن پلانی هەیە زیاتر لە هەزار سەربازی لشکری ٨٢ی ئاسمانی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بنێرێت، هەرچەندە بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێن هێشتا بڕیاری ناردنی هێز بۆ نێوخۆی ئێران نەدراوە.

لەلایەکی ترەوە بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە ڕاگەیەندرا کە مەجلیسی سێنای ئەمریکا بە ٥٣ دەنگی دژ بەرانبەر ٤٧ دەنگی ئەرێنی، گەڵاڵەی دێموکراتەکانی بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی شەڕی دەوڵەتی ترامپ ڕەت کردەوە. ئەمە سێیەمین هەوڵی لەو شێوەیە بوو کە شکستی هێنا، بەڵام دێموکراتەکان دەڵێن بەردەوام دەبن تاوەکوو حکوومەت لەسەر ئەم شەڕە وەڵامدەر بێت.