دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، لە نوێترین لێدوانیدا سەبارەت بە شەڕ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، ڕایگەیاند کە هێزەکانی هاوپەیمانان لەم شەڕەدا سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە و وتووێژەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن دەستیان پێ کردووە.
ترامپ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا جەختی کردەوە کە کابینەکەی لە ئێستادا لەگەڵ "کەسانی گونجاو" لە نێوخۆی ئێران خەریکی وتووێژن و ئەوان بە توندی خوازیاری ڕێککەوتنن.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە "جی.دی. ڤانس" جێگری سەرۆککۆمار و "مارکۆ ڕووبیۆ" وەزیری دەرەوە، ڕاستەوخۆ لەم دانوستانانەدا بەشدارن.
ترامپ بە ئاماژەدان بە ئەنجامی هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، ئیدعای ئەوەی کرد کە ئەم هەنگاوانە بوونەتە هۆی "گۆڕینی ڕژێم"، بەڵام لە هەمان کاتدا هۆشداری دا کە متمانە بە "هیچ کەس" ناکات.
سەرۆککۆماری ئەمریکا باسی لە "خەڵاتێکی زۆر گرینگ" کرد کە دانوستانکارانی ئێرانی پێشنیاریان بۆ ئەمریکا کردووە، کە پەیوەندیی بە نەوت، گاز و گەرووی هورمزەوە هەیە، بەڵام وردەکاریی زیاتری لەمبارەوە ئاشکرا نەکرد.
لە کاتێکدا ڕاپۆرتە میدیاییەکان باس لەوە دەکەن پێنتاگۆن خەریکی پلاندانانە بۆ ناردنی هێزەکانی لشکری ٨٢ی ئاسمانی بۆ ناوچەکە، ترامپ هیچ ئاماژەیەکی بە ئەگەری ناردنی هێزی نوێ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەکرد.