کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دژایەتیی عەرەبستان و ئیمارات لەگەڵ ئەگەریی ڕێککەوتنی ترامپ و ڕێژیمی ئێران

12:15 - 5 خاکەلێوه 2726

ڕۆژنامەی "واڵ ستریت ژوورناڵ" لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاوی کردەوە کە ڕێبەرانی عەرەبستان و ئیمارات نیگەرانیی توندی خۆیان بەرانبەر بە حەزی دۆناڵد ترامپ بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ دەربڕیوە.

 ئەم وڵاتانە لە هەوڵی لۆبیکردن دان لەگەڵ سەرۆککۆماری ئەمریکا بۆ ئەوەی هێرشەکان بەردەوام بن تا ئەو کاتەی توانای سەربازی و هێژموونی ناوچەیی ڕێژیمی ئێران بەتەواوی لاواز دەبێت.

بەپێی ڕەشنووسی پلانێکی ١٥ خاڵی کە وەبەر دەست واڵ ستریت ژوورناڵ کەوتووە، عەرەبستان دژایەتیی خۆی بۆ پێشنیاری هەڵگرتنی تەواوی سزاکان لە بەرانبەر کشانەوەی تاران لە خاڵە سەرەکییەکانی ناکۆکی دەربڕیوە.

هاوپەیمانە عەرەبەکانی واشنگتۆن پێیان وایە هەر ڕێککەوتنێک لەم کاتەدا، پێگەی ڕێژیمی ئێران جێگیر دەکات، لە کاتێکدا هێشتا گەرووی هۆرمۆزی لەژێر کۆنترۆڵدایە و زیانی گەورەی بە ژێرخانی وزەی ناوچەکە گەیاندووە.

لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕ ٩ی ڕەشەممە، هەزاران دڕۆن و مووشەک ئاراستەی وڵاتانی کەنداو کراون، لەوانە هێرش بۆ سەر دامەزراوە گازییەکانی "ڕەئسو لفان" لە قەتەر و کۆگاکانی نەوتی "فوجەیرە" لە ئیمارات. سەرەڕای ئەم هێرشانە، ترامپ چ لە کۆبوونەوە تایبەتەکان و چ لە لێدوانە گشتییەکانیدا، جەخت لەسەر کۆتاییهێنانی ئەم شەڕە دەکاتەوە.

ئەم وڵاتە عەرەبییانە نیگەرانن لەوەی ڕکابەرەکەیان (کۆماری ئیسلامی) لە کاتێکدا شەڕ ڕابگیرێت کە هێشتا توانایەکی بەرچاوی بۆ زیانگەیاندن مابێت و وەک هێزێکی هەڕەشەئامێز لە ناوچەکەدا بمێنێتەوە.