کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی ئێران

10:13 - 6 خاکەلێوه 2726

لە کاتژمێرەکانی سەرەتای ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی خاکەلێوەدا، شەپۆلێکی نوێی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا چەندین شار و ناوچەی جیاوازی ئێرانی گرتەوە.

لە درەنگانێکی شەوی چوارشەممەدا، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شاری لامێرد لە باشووری پارێزگای فارس بۆردومان کرابوو. هەروەها لە کاتژمێر یەکی پاشنیوە شەودا، چەندین دەنگی تەقینەوە لە شیراز و دەوروبەری بیستراوە کە هێشتا شوێنە وردەکانی ئامانجەکان بە ڕوونی دیار نین.

هاوکات لە کاتژمێر سێی بەرەبەیانی پێنجشەممە ٦ی خاکەلێوە، ڕاپۆرتی هێرشی قورس بۆ سەر ئیسفەهان و شاهین‌شار بڵاو کراوەتەوە و دواتریش لە کاتژمێر چواری بەیانی، دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە شاری بەندەرعەباس بیستراوە.

هاوکات شارەکانی تاران، کەرەج، شەهریار و مەشهەدیش کەوتبوونە بەر هێرش.

لە لایەکی ترەوە، ئەرتەشی ئیسرائیل شەوی ڕابردوو بە بڵاوکردنەوەی چەند نەخشە و وێنەیە ڕایگەیاند کە ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی چەک و بارەگاکانی سپای پاسداریان کردووەتە ئامانج.