کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باڵوێزی ئیمارات لە ئەمریکا: ئاگربەست لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بەس نییە

10:21 - 6 خاکەلێوه 2726

یوسف ئەلعوتەیبە، باڵوێزی دەوڵەتی ئیمارات لە ئەمریکا، لە وتارێکدا لە ڕۆژنامەی "واڵ ستریت ژۆرناڵ" جەختی کردەوە کە ئاگربەستێکی سادە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بەس نییە و داوای کۆتاییهێنانێکی یەکجاریی بە ئاڵۆزییەکان لەگەڵ تاران کرد.

ئەلعوتەیبە بە ڕەخنەگرتن لە سیاسەتە ناوچەییەکانی کۆماری ئیسلامی نووسیویەتی: "نابێت ڕێگە بدرێت ئێران، ئەمریکا و ئیمارات و ئابووریی جیهانی بە بارمتە بگرێت" و جەختی کردەوە کە هەر جۆرە ڕێککەوتنێک دەبێت تەواوی ڕەهەندەکانی هەڕەشە لە بەرنامەی ئەتۆمییەوە تا مووشەک، دڕۆن و هێزە نیابەتییەکان بگرێتەوە.

ناوبراو هەروەها بە ئاماژەدان بە ڕۆڵی تێکدەرانەی تاران لە ناوچەکەدا، کۆماری ئیسلامی تۆمەتبار کرد بە دروستکردنی پەککەوتن لە زنجیرەکانی وزە و بازرگانیی جیهانی.

باڵوێزی ئیمارات هەروەها ئامادەیی ئەو وڵاتەی بۆ بەشداری لە دەسپێشخەرییە نێودەوڵەتییەکان، لەوانە پاراستنی ئەمنییەتی گەرووی هۆرمۆز نیشان دا.

بە وتەی ئەو، ئەبوزەبی لە پاڵ ئەمریکا وەستاوە و خوازیاری ئێرانێکی ئاساییە کە کۆتایی بە گرژیی و هەڕەشەکردن لە ڕێڕەوە هەستیارە جیهانییەکان بهێنێت.