کارۆلین لیویت، وتەبێژی کۆشکی سپی، لە لێدوانێکی تونددا هۆشداری دایە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و ڕایگەیاند ئەگەر ئێران تووشی هەڵەی لێکدانەوە ببێت، ترامپ ئامادەیە دۆزەخ سازبکات.
لیویت ئاماژەی بەوە کرد کە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی "توڕەیی داستانی" کە سێ حەفتەیە دەستی پێکردووە، توانیویەتی تواناکانی هێرشبەری و بەرگریی ئێران لە کار بخات و ژێرخانی پیشەسازیی بەرگریی ئەم وڵاتە لەنێو ببات.
وتەبێژی کۆشکی سپی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکای بە "سەرکەوتنێکی سەربازیی گەورە" نێوبرد و وتی کە ئێستا ئێران لەژێر گوشارێکی زۆردایە و خوازیاری گفتوگۆیە.
هاوکات لەگەڵ ئەم هەڕەشانە، باس لە هەوڵە دیپلۆماتیتکەکان دەکرێت؛ هەرچەندە ڕاپۆرتەکان دەڵێن ئێران پێشنیارێکی ١٥ خاڵی ئەمریکای ڕەت کردووەتەوە، بەڵام کۆشکی سپی دەڵێت دانوستانەکان نەوەستاون.
لە بەرانبەردا، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، هۆشداری داوە کە ئەگەر دوژمنان بە پشتیوانی وڵاتێکی ناوچەکە هەوڵی داگیرکردنی یەکێک لە دوورگەکانی ئێران بدەن، تەواوی ژێرخانی ئەو وڵاتە دەکرێتە ئامانج.
ئەم گرژییانە لە کاتێکدایە کە ترامپ جەخت دەکاتەوە تەنیا لەگەڵ ڕێبەرییەک لە ئێران کار دەکات کە دەست لە دروشمی "مەرگ بۆ ئەمریکا" هەڵبگرێت.