کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێنتکام: بەشێکی زۆری ژێرخانی سەربازیی کۆماری ئیسلامی تێک شکێنراوە

10:42 - 6 خاکەلێوه 2726

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکام) لە نوێترین زانیاری سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی حەماسی" ڕایگەیاند کە ئەم هەڵمەتە چووەتە حەفتەی چوارەمەوە و پڕۆسەکە بەپێی پلان یان تەنانەت خێراتریش لە پلانەکە بەڕێوە دەچێت.

بە وتەی برەد کوپێر، فەرماندەی ئەم ناوەندە، هێزەکانی ئەمریکا تا ئێستا زیاتر لە ١٠ هەزار ئامانجی سەربازییان پێکاوە و زیاتر لە ١٠ هەزار هێرشی ئاسمانیان لە ئاسمانی ئێراندا ئەنجام داوە.

ناوبراو هەروەها باسی لە پاراستنی باڵادەستیی ئاسمانیی ئەمریکا و ڕۆڵی کاریگەری بۆمبهاوێژە جۆری B-52 لەم ئۆپەراسیۆنەدا کرد.

کوپێر جەختی کردەوە کە زیاتر لە دوو لەسەر سێی دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی مووشەک، دڕۆن و کەرەستە دەریاییەکانی کۆماری ئیسلامی تێک شکێنراون یان زیانیان بەرکەوتووە.

هەروەها ٩٢ لەسەدی کەشتییە شەرکەرە گەورەکانی ئێڕان لەنێوچوون و هاویشتنی مووشەک و دڕۆنەکانیش زیاتر لە ٩٠ لەسەد کەمی کردووە.

ئەم هەڵسەنگاندنە نیشانی دەدات کە توانای هێرشبەری و ناوچەیی کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی بەرچاو لاواز بووە و بەردەوامیی ئەم ڕەوتە دەکرێت ببێتە هۆی فەلەجبوونی تەواوەتیی پێکهاتەی سەربازیی ئەو ڕێژیمە.