ناوەندی زانیاریی "لۆیدز لیست"، شیرکەتی پێشەنگ لە بواری زانیارییەکانی گواستنەوەی دەریایی لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی لە کردەوەدا سیستمێکی "سەرانە وەرگرتن"ی لە گەرووی هۆرمۆزدا دامەزراندووە و لە ڕێگەی کۆنترۆڵکردنی هاتووچۆی کەشتییەکانەوە، لە بەرامبەر پەڕینەوەی بێ کێشەی هەندێکیان، پارە وەردەگرێت.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، کەشتییەکان پێبەند کراون زانیاریی ورد، لەوانە جۆری بارەکەیان، وردەکاریی لەسەر پێرسۆنێل و شوێنی مەبەستیان بە سپای پاسداران بدەن.
پاشان ئەم زانیارییانە بۆ مەبەستی پشکنینی ئەمنییەتی، سزاکان و ئەوەی ناوی نراوە "هەڵسەنگاندنی ژیۆپۆلیتیکی"، ڕەوانەی فەرماندەیی سپای پاسداران لە هورمزگان دەکرێن.
لۆیدز لیست هەروەها باسی لەوە کردووە کە لانیکەم دوو کەشتی پارەیان بۆ پەڕینەوە لەو گەرووە داوە و ئەو بڕە پارانەش بە "یوان"ی چینی وەرگیراون.
سەرەڕای ئەوەی تاران بە شێوەیەکی فەرمی و ئاشکرا هیچی ڕانەگەیاندووە، بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی رێژیم بە شێوەی ناڕاستەوخۆ وەرگرتنی پارەی لە هەندێک کەشتی پشتڕاست کردووەتەوە؛ بابەتێک کە نیگەرانییەکان سەبارەت بە خراپ بەکارهێنانی پێگەی ستراتیژیی گەرووی هۆرمۆز لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە زیاتر دەکات.