بەپێی ڕاپۆرتێکی ''ئاکسیۆس''، پێنتاگۆن خەریکی تاوتوێکردنی چەند بژاردەیەکە بۆ لێدانی گورزی کۆتایی و بەربڵاو بۆ سەر ئێران؛ هەنگاوێک کە دەکرێت هێرشی ئاسمانیی گەورە و تەنانەت سێناریۆی سنوورداری زەمینیش بگرێتەوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، ئەم پلانانە لە کاتێکدا لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێت کە گفتوگۆکانی نێوان واشنتگۆن و تاران لە تەمومژێکی تەواودایە و گرژییەکانی ناوچەکەش بەردەوامن.
دەوترێت دۆناڵد ترامپ هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە، بەڵام هەندێک لە بەرپرسانی ئەمریکایی پێیان وایە زیادکردنی گوشاری سەربازی دەتوانێت ئێران ناچار بکات مەرجە نوێیەکان قبوڵ بکات.
هاوکات، ئەمریکا بوونی سەربازی خۆی لە ناوچەکەدا بەهێزتر کردووە و سێناریۆی جۆراوجۆر بۆ بە ئامانجگرتنی ژێرخانە سەرەکییەکان، لەوانە ئەو ناوەندانەی پەیوەندییان بە هەناردەکردنی نەوتی ئێرانەوە هەیە، لە حاڵی تاوتوێدان.