کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای پاسداران منداڵانی تەمەن ١٢ ساڵ بۆ شەڕ و پاراستنی ڕێژیم بەکار دێنێت

17:01 - 6 خاکەلێوه 2726

لە کاتێکدا کە هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران گەیشتووەتە قۆناغی "لێدانی گورزی کۆتایی"، سپای پاسداران لە هەوڵێکی دژە مرۆیی نوێدا، منداڵانی تەمەن ١٢ ساڵ بۆ نێو ڕیزەکانی شەڕ ڕادەکێشێت.

جێگری فەرهەنگیی سپای "محەممەد ڕەسوڵوڵڵا"ی تاران ڕایگەیاندووە کە کارزارێکیان بە ناوی "ڕەزمەندگانی مەدافعی وەتەن" دەست پێکردووە و تێیدا منداڵانی تەمەن ١٢ ساڵ و بەرەو سەر ناونووسی دەکەن.

 ئەم هەنگاوەی سپا بۆ بەکارهێنانی منداڵان وەک قەڵغانی مرۆیی، هاوکاتە لەگەڵ ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە پلانی پێنتاگۆن بۆ وەشاندنی گورزێکی سەربازیی گەورە و ئەگەری هێرشی زەمینی بۆ سەر ئێران.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە لە ڕووی سیاسی و سەربازییەوە تووشی داڕمان بووە، جارێکی تر وەک سەردەمی شەڕی ئێران-عێراق و سەرکوتی شۆڕشی "ژینا"، منداڵان دەکاتە سووتەمەنیی مانەوەی دەسەڵاتە داڕماوەکەی.

 سپای پاسداران لە ژێر ناوی "یارمەتیی گەلی " دەیەوێت بە فریودانی مێرمنداڵان، بۆشاییە ئەمنییەکانی خۆی پڕ بکاتەوە.