کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی هێرشی دڕۆنی و مووشەکیی ڕێژیم بۆ سەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

15:41 - 13 رەشەمه 2725

ئەمڕۆ چوارشەممە ١٣ی ڕەشەمە، بۆ جارێکی دیکە سپای پاسداران لە هێرشێکی دڕۆنیدا بنکە و بارەگای حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکانی کوردستانی لە باشووری کوردستانی کردە ئامانج و پێشەرگەیەکی پارتی ئازادیی کوردستان شەهید بوو.

بەپێی زانیارییەکان، لە ئاکامی هێرشی سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیم بۆ سەر بنکەی پارتی ئازادیی کوردستان لە دێگەڵە، پێشمەرگەیەکی پارتی ئازادیی کوردستان بە ناوی "جەلال ڕەشیدپوور" شەهید بووە و سێ پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوونە.

هەروەها پێش نیوەڕۆی ڕۆژی ڕابردوو، ١٢ی ڕەشەمە، سپای تێرۆریستیی پاسداران بۆ چەندەمین جار کەمپەکەنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لە شاری کۆیە لە ڕێگەی ڕاکێتێک و سێ دڕۆنەوە کردە ئامانج.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای هاتنە سەرکارییەوە، بە ئەنجامدانی سەدان هێرشی تێرۆریستی دژی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، تێرۆری کردووەتە ئامرازێک بۆ سڕینەوەی نەیارانی. بەو پێیەش، گەلی کورد وەک یەکەمین و گەورەترین قوربانیی تێرۆریزمی دەوڵەتیی ئەم ڕێژیمە ئەژمار دەکرێت.