ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە هێزە ئاسمانییەکانیان هێرشێکی چڕیان کردووەتە سەر بنکەی سەرەکیی پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی مووشەک و مینە دەریایییەکان لە شاری یەزد.
بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەرتەشی ئیسرائیل، ئەم شوێنە ناوەندێکی ستراتیژی بووە بۆ پەرەپێدانی بەشێکی زۆری چەکە دەریایییەکانی ئێران کە مەترسییەکی گەورەی بۆ سەر ئەمنییەتی کەشتیوانی لە گەرووی هۆرمۆز دروست کردبوو.
هاوکات لەگەڵ ئەم هێرشە، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هێرشە شەوانەکانی ئیسرائیل چەندین ناوچەی جیاوازیان لە تاران و شارەکانی دیکەی ئێران کردووەتە ئامانج.
لەم ئۆپەراسیۆنانەدا ژێرخانە پەیوەندیدارەکان بە مووشەکی بالستیک، سەکۆکانی هاویشتنی موشەک و سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی بە سەختی پێکراون.
سەرچاوە ئیسرائیلییەکان دەڵێن ئەم هێرشانە بۆ کەمکردنەوەی توانای سەربازیی ئێران بووە، بەتایبەت لەو ناوچانەی کە وەک هەڕەشە بۆ سەر ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکان دەبینران.