برەد کوپێر، فەرماندەی سێنتکام، ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی خاکەلێوە، لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا هۆشداریی بە ئەندامانی سپای پاسداران دا کە بۆ دوورکەوتنەوە لە مەترسیی گیانی، دەستبەجێ پێگە سەربازییەکانیان چۆل بکەن و بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.
ئەم هۆشدارییە دوای کوژرانی عەلیڕەزا تەنگسیری، فەرماندەی هێزی دەریایی سپای پاسداران لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسرائیلدا دێت.
کوپێر ئاماژەی بەوە کرد کە سپای پاسداران لەژێر فەرمانی تەنگسیریدا، هێرشی کردووەتە سەر سەدان کەشتی و بووەتە هۆی کوژرانی ژمارەیەکی زۆر خەڵکی مەدەنی.
بەپێی بەیاننامەکە، لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنی "تووڕيی حەماسی" تا ئێستا ٩٢ لەسەدی کەشتییە گەورەکانی هێزی دەریایی ئێران لەنێوچوون و توانای مانۆڕیان لە ناوچەکەدا نەماوە.
ئەم ئۆپراسیۆنە هاوبەشەی ئەمریکا و ئیسرائیل کە لە ٩ی ڕەشەمەوە دەستی پێکردووە و بووەتە هۆی کوژرانی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی و چەندین فەرماندەی باڵا، هێشتا بەردەوامە.
دۆناڵد ترامپ جەختی کردووەتەوە کە هێرشەکان لەسەر ئاستێکی فراوان تا لەنێوبردنی تەواوی هەڕەشەکان بەردەوام دەبن و شەپۆلێکی گەورەتری هێرش لە ڕێگایە.