سپای تێرۆریستی پاسداران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە شەپۆلی ٨٣یەمینی هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی بۆ سەر ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە ئەنجام داوە.
بەپێی ئەم بەیاننامەیە، کۆگاکانی نەوت لە بەندەری ئەشدۆد و بنکەیەکی سەربازی لە شارۆچکەی مۆدێعین لە ئیسرائیل، لەگەڵ چەندین بنکەی ئەمریکا لە عەرەبستان، کووەیت و وڵاتانی تری کەنداو کراونەتە ئامانج.
سپای پاسداران ڕایگەیاندووە کە لەم هێرشانەدا چەندین جۆر مووشەکی دوورهاوێژ و کڵاوەی تەقەمەنی جیاواز، مووشەکی هێشوویی و دڕۆن بەکارهاتووە.
لەلایەکی ترەوە، بەڕێوەبەرایەتی بەندەرەکانی کوەیت پشتڕاستی کردەوە کە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ٧ی خاکەلێوە، بەندەری "شوەیخ" کە گرینگترین بەندەری بازرگانی ئەو وڵاتەیە، لە ڕێگەی دڕۆنەوە هێرشی کراوەتە سەر و زیانی ماددی بەرکەوتووە، بەڵام زیانی گیانی نەبووە.
هەروەها وەزارەتی بەرگری عەرەبستان ڕۆژی هەینی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند ٦ مووشەکی بالستیک لەلایەن ئێرانەوە ئاراستەی ڕیاز کراوە کە دوو دانە لەو مووشەکانە تێک شێنراون و ٤ مووشەکی دیکە لە ئاوەکانی کەنداو و ناوچە ئاوەداننەکراوەکان کەوتوونەتە خوارەوە.
شایانی باسە کە هەواڵدەریی فارس، سەر بە سپای پاسداران، چەند کاتژمێر پێش هەواڵی هێرشی مووشەکی و دڕۆنی سپای بۆ سەر بنکە و پێگەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە قەتەر، کوەیت و بەحرەینی بڵاو کردبووە.