کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتێک لە نێوخۆی ئێران؛ ترس، برسییەتی و چاوەڕوانی بۆ ڕووخانی ڕێژیم

13:46 - 7 خاکەلێوه 2726

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە نێوخۆی وڵاتەوە بۆ ناوەندی تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات نێردراون، دۆخی بژێویی خەڵک گەیشتووەتە ئاستێکی کارەساتبار.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە نرخەکان بە شێوەیەکی سەرسووڕهێنەر بەرز بوونەتەوە و توانای کڕینی هاووڵاتییان لە پێنج دەیەی ڕابردوودا گەیشتووەتە نزمترین ئاستی خۆی.

نزیکەی ٨٠ لەسەدی کار و کاسبییەکان پەکیان کەوتووە، بازاڕەکان چۆڵن و زۆربەی کاسبکاران بەهۆی نەبوونی داهات، توانای پێدانی کرێی دوکانەکانیان نەماوە. دۆخی کرێکارانی ڕۆژکار و دەستفرۆشەکان گەیشتووەتە ئاستی "برسییەتیی ڕەها" و تەنانەت خەڵک توانای دانەوەی قەرزی دووکانە وردەواڵەکانیشیان نەماوە.

قوتابخانە و ئیدارەکان کراونەتە مۆڵگەی هێزە ئەمنییەکان، هەرچەندە دیاردەی ڕاکردنی سەربازەکان لە بەرەکانی شەڕ بەدی دەکرێت و ترس باڵی بەسەر هێزەکاندا کێشاوە ، بەڵام هێزە ئایدۆلۆژییەکان هێشتا بەوپەڕی دڕندەییەوە سەرکوتی خەڵک دەکەن. ڕێژیم بە توندی ڕێگری لە هەر چەشنە زانیاریگەیاندنێکی ئازاد دەکات و تەنیا میدیا فەرمییەکان وەک سەرچاوە ماونەتەوە.

بەهۆی پچڕانی هێڵی ئینتێرنێت، خەڵک بۆ وەرگرتنی هەواڵ ڕوویان لە کاناڵە ماهوەرییەکان کردووە. لە زۆربەی گەڕەکەکاندا پرسەی قوربانیانی شەڕ بەڕێوە دەچێت و ژمارەی کوژراوان ڕۆژانە ڕوو لە زیادبوونە.

سەرەڕای ئەو کەشە پڕ لە ترس و خەفەقانەی کە هێزە سەرکوتکەرەکان لە گەڕەکەکاندا دروستیان کردووە، بەڵام زۆرینەی هەرە زۆری خەڵک بە ئومێدەوە چاوەڕوانی کۆتاییهاتن و ڕووخانی یەکجاریی ئەم ڕێژیمە دەکەن.