دوابەدوای ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکەی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ڕیژیمی ئێران، چەند شوێنێک لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بە مووشەک و لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، کرانە ئامانج.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی هەرێمی کوردستان، لە ٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٤، پاش ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکەی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ڕێژیمی ئێران، چەند شوێنێکی گرنگی هەرێمی کوردستان، لەوانە فڕۆکەخانەی هەولێر کرانە ئامانجی هێرشی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران.
هەروەها بنکەیەکی نیزامیی ئەمریکاش لە هەرێمی کوردستاندا کرایە ئامانجی ئەم هێرشە مووشەکییانە. ڕاپۆرتەکان ئاماژە با چالاکبوونی سیستەمی بەرگریی ئەمریکا لە هەندێک ناوچەی هەرێمی کوردستاندا دەکەن کە تاکوو ئێستا جگە لە حاڵەتێک، سەرجەم هێرشە مووشەکی و پەهبادییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ هەرێمی کوردستان پووچەڵ کراونەتەوە.
هێرشە موشەکییەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان، دوای هێرشی هاوشێوە بۆ سەر وڵاتانی دیکەی ناوچەکە وەکوو، بەحرەین، قەتەر، عەرەبستان و ئۆردۆن بوو، کە ڕێژیمی ئێران بە بیانوی بوونی بنکەی ئەمریکا لەم وڵاتانەدا ئەنجامی داوە.